د.یوسف گۆران بەردى بناغەى سێنتەرى توێژینەوەى جینۆسایدى لە زانکۆى چەرموو دانا

posted Feb 27, 2018, 5:42 AM by Araz Ibrahim Mstafa


وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: گرنگى کردنەوەى سێنتەرى جینۆساید لە زانکۆى چەرموو، بۆ بەدۆکیۆمێنتکردن و ناساندنى کەیسى جینۆسایدە، هەروەک هەنگاوێکى دیکەى بەجیهانى ناساندنى ئەم کەیسەیە، لەهەمان کاتدا خزمەتێکى گرنگ پێشکەش بە پایتەختى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە سنورە دەکات، ئەوەش لەڕێگەى ئەنجامدانى توێژینەوە و بەرزکردنەوەى پێشنیازەکان بۆ حکومەت بەمەبەستى توێژینەوە، لەلایەکى دیکەشەوە تاکەکانى کۆمەڵگە بەو مەترسى و هەڕەشانە ئاشنا دەکات، کە لەڕابردوو لە ئێستاشدا لەهەندێک ناوچە دەرهەق بەگەلى کورد ئەنجامدەدرێن.
ئەم ڕاگەیاندنەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دواى دانانى بەردى بناغەى سێنتەرى توێژینەوەى جینۆساید لە زانکۆى چەرمو هات، کە ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتى (٢٢/٢/٢٠١٨) لە قەزاى چەمچەماڵ بەڕێوەچو.
لە چوارچێوەیەدا و، وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەڕوى ئەکادیمى و زانستیەوە، کردنەوەى سێنتەرێکى تایبەت بە جینۆساید بەشێکە لە ناسنامەى نەتەوەى کورد، چونکە هیچ ئەنفال و جینۆسایدێک نەیتوانیوە مێژو و ناسنامەى نەتەوەییمان بسڕێتەوە، بەو پێیەى بەشێکى ئەم نەهامەتیانەى بەسەر گەلەکەماندا هاتوە تۆمارکراون، هەروەک ئەرکى ئێمەش ناساندنى ناسنامەى ڕاستەقینەى گەلەکەمان و ئاشنابون و شارەزابونى نەوەکانە بەو بەشەى مێژوى نەتەوەکەمان.
لەبارەى پاراستنى ناسنامەى گەلى کوردیش، د. یوسف گۆران ڕایگەیاند: دەبێت بزانین میللەتەکەمان لە ڕابردو و ئێستادا چۆن بەربەرەکانى پاراستنى ناسنامەى خۆى کردوە، چونکە لە دۆخ و ناوچەیەکدا دەژین بەردەوام ئەو مەترسیانە لەسەر میللەتەکەماندا هەبوە و هەیە، بەتایبەت ئەو میللەتانەى بێ دەوڵەتن، بۆیە کردنەوەى ئەم سێنتەرە بۆ توێژینەوە لە زانینى لایەنى کلتورى، ڕۆشنبیرى، کۆمەڵایەتى و کایەکانى ترى ژیان وا دەکات شارەزایى مێژوى خۆمان بین و درک بەوە بکەین، کە جینۆسایدى کورد چ کاریگەرى لەسەرمان جێهێشتوەو، چۆن وادەکات زیاتر میللەتەکەمان دەست بگرێت بەناسنامەکەى.
سەبارەت بە پاڵپشتى وەزارەت بۆ پڕۆژەکانى زانکۆى چەرموو، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتى کردەوە کە بەئەرکى خۆمان وەک وەزارەت پاڵپشتى سێنتەرى توێژینەوەى جینۆساید بین و، لەڕێگەى ئەم سێنتەرە و سێنتەرەکانى ترى زانکۆکان جینۆسایدى گەلەکەمان بەهەمو دونیا بناسێنین و بە زیندوى لەیادەوەرى نەتەوە و نەوەکانى خۆمان بیهێڵینەوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا د.یوسف گۆران وتى: ساڵى پار لە بڕیارێکى گرنگى وەزارەتەکەماندا بڕیاردرا بابەتى جینۆساید وەک بابەتێکى سەرەکى لەسەرجەم زانکۆکانى کوردستان بخوێنرێت.
لەبارەى کارەکانى زانکۆى چەرموو و پڕۆژەکانى ئەو زانکۆیە، د. یوسف گۆران دەستخۆشى لە زانکۆى چەرموو کرد، کە لەو ماوە کورتەى تەمەنیدا کارو پڕۆژەى بەمەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و مەعریفى لە زانکۆکە ئەنجامداوە، بەتایبەتى جێبەجێکردنى پڕۆژەو بەرنامە ئاست بەرزەکانى دونیا لە کۆلێژ و بەشەکانیدا، کە ئەوەش توانیویەتى بناغەیەکى باش بۆ زانکۆ دابنێت، هەر لەوتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: زۆر خۆشحاڵم کە دەتوانم بڵێم لەناو ئەو زانکۆیانەى تازە دروستبون، زانکۆى چەرموو شوێن و پێگەى دیارە، بەتایبەت لە بوارى توێژینەوە، بۆ ئەوەش پڕۆژەیەکى تایبەتمان هەبوە بۆ ئەوەى بتوانین هەندێک لە زانکۆکانمان ببن بە پێشەنگ و هەردو زانکۆى چەرموو و زاخۆش بۆ ئەو مەبەستە وەک سەرەتا و دەستپێکى پێشەنگبون و بەتایبەتمەندییەتى ئەکادیمى و زانستى هەڵبژێردراون، دوپاتیشى کردەوە کە تایبەتمەندییەتى ئەکادیمى و زانستى لەو دوو زانکۆیە هەنگاو بەهەنگاو دەچێتە پێشەوە، ئەوەش خزمەتێکى گەورە دەبێت بۆ سنورەکە و، نەوەیەکى جۆش کراو بەزانست و مەعریفە دەردەچوێنێت.
لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڵێنیدا کە ببێتە پارێزەرى مافە ئەکادیمی و خزمەتگوزارییەکانى خەڵکى چەمچەماڵ و، بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنى کەسوکارو بنەماڵەى شەهید و ئەنفالکراوانى سنورەکە، وتیشى: ئامانجمانە نەوەکانى داهاتوو چەکدار بکرێن بە بیرو باوەڕى نوێ و زانست و مەعریفە بۆ سود بینینى خۆیان و دەرەوە، بۆ ئەوەى بۆ دونیا بیسەلمێنن کە ئێمە نەک لەناوناچین، بەڵکو ئامادەین پەرە بەخۆمان بدەین، بەئامانجى خەباتى بەردەواممان گەیشتن بێت بە مافەکانمان لەسەرویان مافى چارەى خۆنوسین.
لەبەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا د. سەڵاح ڕەزا سەرۆکى زانکۆى چەرموو لەوتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوان، باسى لە گرنگى کردنەوەى سێنتەرەکە کرد بۆ سنورەکە وەک پێویستی و بایەخ بۆ پایتەختى شەهیدان و ئەنفاکراوەکان و، خەڵکى ئەو ناوچەیە، بۆ ئەوەش وتى ئامانج لە کردنەوەى ئەم سێنتەرە پێشبینى ڕوداوەکان و ڕاڤەکردنیانە، لەو پێناوەى باس و توێژینەوەى زانستى لەسەر بکرێت بۆ تاوتوێکردن و سوودلێوەرگرتنى لەهەر هەنگاوێک، بەتایبەت ئەو تاوان و زوڵمانەى بەسەر گەلەکەمان هاتوە وەکو ئەنفال و جینۆساید.
سەرۆکى زانکۆى چەرموو داواى هەماهەنگى و هاوکارى تەواوى کرد لەگەڵ فەرمانگەکانى وەزارەتى شەهیدان لە سنورەکە و، سینتەرەکانى دیکەى توێژینەوە لە زانکۆکان و، ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى بۆ بە زانستی و ئەکادیمىکردنى کەیسى جینۆساید و ئەنفال.
لە وتەیەکیشدا ڕەمەک ڕەمەزان قائیمقامى قەزاى چەمچەماڵ ئەمڕۆى بە ڕۆژێکى مێژویى بۆ خەڵکى چەمچەماڵ وەسفکردو ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەردەم هەوڵیداوە بە پڕۆژەى گرنگ و ستراتیژى خزمەت بە پایتەختى شەهیدان و ئەنفاکراوەکان بکات. 
سێنتەرى تویژینەوەى جینۆساید لە زانکۆى چەرموو لەسەر بودجەى وەزارەتى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە بڕى (١٢٧) ملیۆن دینار وەک قۆناخى یەکەم لە ماوەى (٧٠) ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت.
لەبەشێکى دیکەى سەردانەکەیدا بۆ قەزاى چەمچەماڵ، د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرپەرشتى کۆبونەوەى سەرۆکایەتى زانکۆ و یەکە ئیدارییەکانى ناوچەکەى بە ئامادەبونى قائیمقام و سەرۆکى زانکۆ کرد.
لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆ و یەکە ئیدارییەکانى سنورەکەى کرد بۆ ئەم پێشوازییەو ، وتى: وەک وەزارەت هەمیشە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنى پرۆسەى خوێندن لە کوردستان، بەتایبەت ئەو ناوچانەى زیاتر کەوتونەتە بەر شاڵاوى ئەنفال و جینۆساید، بۆ ئەوەش وتى کردنەوەى ئەم زانکۆیە یەکێک بوە لە خەمە گەورەکان کە لەدواى ئەنفال و کیمیاباران چۆن بتوانین بەپێشکەشکردنى زانست و مەعریفە نەوەیەکى نوێ دروست بکەین و گەنجانى وڵاتەکەمان بە زانست و پێشکەوتنى تازەى دونیا گۆش بکەین، بۆ ئەوەى ڕۆڵى گەورەیان لە ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکەنمان هەبێت.
لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانى سنورەکە د. یوسوف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد، کە بەردەوام پاڵپشتى سەرەکی بوە لە جێبەجێکردنى کارەکان، بەتایبەت بۆ زانکۆى چەرموو، وتیشى بەڕێزیان لە نزیکەوە ئاگادارى کێشە و گرفتەکانمان بوە و، هاوکارى کردوین لەنێویشیاندا دەستپێکردنەوەى پڕۆژەى دروستکردنى بیناى کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى لەزانکۆکە.
لەبەشێکى دیکەى سەردانەکەیدا بۆ قەزاى چەمچەماڵ و، زانکۆى چەرموو وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تاجە گوڵینەى لەسەر مۆنۆمێنتى ئەنفال دانا، دواتریش سەردانى سێنتەرى توێژینەوەى زانستى زانکۆ و کۆلێژەى پەروەردەى بنەڕەتى زانکۆکەى بەسەرکردەوە و، لەنزیکەوە لەگەڵ سەرۆک بەش و مامۆستاو خوێندکاران گفتوگۆى لەبارەى چۆنیەتى بەرەوپێشبردنى ئاستى زانستى زانکۆى چەرموو کرد.



Comments