د.یوسف گۆران: سیستمی بۆلۆنیا پرۆسێس چاره‌سه‌ری به‌شێكی زۆری كێشه‌كانی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان ده‌كات

posted Dec 11, 2018, 1:41 AM by Twana Hadi

بە چاودێری و ئاماده‌بونی (د.یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی چەرمۆ وۆرکشۆپێکی بۆ جێبەجێکردنی سیستمی بۆلۆنیا پڕۆسێس (Bologna Processلە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگه‌کانی هەرێمی کوردستان به‌ڕێوه‌برد.

 

له‌و وۆركشۆپه‌دا، كه‌ ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، سەرۆکی زانکۆ حكومی و تایبه‌ته‌كان و، به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی فه‌رمانگه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت و، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکان بۆ کاروباری زانستی و، ڕاگری پەیمانگه‌ تایبەتەکان و، بەڕێوەبەرانی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین و، پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان لە زانکۆ و پەیمانگه‌کان ئه‌مڕۆ دووشەمە ڕێکەوتی  (١٠/١٢/٢٠١٨) لە (هۆتێل هەولێری نێودەوڵەتی-شیڕاتۆن) به‌ڕێوه‌چو، له‌سه‌ره‌تادا  ئاماده‌بوان به‌ ساتێك بێ ده‌نگی ڕێزیان له‌ شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان گرت، پاشان چه‌ند وتارێك پێشكه‌شكرا، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌شكرد.

 

لە ماوەی ڕابردودا توانیومانە چەندین گۆڕانکاری گرنگ و ڕیشەیی ئەنجام بدەین

له‌سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەخێرهاتنى ئاماده‌بوانی كرد و،  دەستخۆشی لە ڕێكخه‌رانی وۆرکشۆپه‌كه‌ و وتی: جێی خۆشحاڵیە ئەم وۆرکشۆپە هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژیەتی وەزارەتەکەمان، کە هەمیشە جەختی لەسەر گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی لە سێکتەری خوێندنی باڵا بە گشتی و پەرەپێدانی خوێندن لە زانکۆ و په‌یمانگه‌کان بە تایبەتی كردۆته‌وه‌، وتیشی خۆشبەختانە لە ماوەی ڕابردودا توانیومانە چەندین گۆڕانکاری گرنگ و ڕیشەیی ئەنجام بدەین، کە ئەم وۆرکشۆپەش درێژکراوەی هەوڵەکانمانە بۆ بەردەوامی دان بە بەرەو پێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا.

وەزارەتەکەمان بە بایەخەوە دەڕوانێتە جێبەجێکردنی بۆلۆنیا پڕۆسێس

لە به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له‌ كارنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و وتی: له‌ سەرەتای دەستبەکاربونمان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم، یەکێک لە ئامانجە گرنکەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بریتی بوە لەهەوڵدان بۆ دەرچون لەو سیستمە کلاسیکیەی، کە لە زانکۆ و په‌یمانگه‌کان پەیڕەو دەکرا، هەروەها هەنگاونان بو بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و، بە ستانداردکردنی سیستمی خوێندن و پرۆگرامەکان بە ئامانجی گونجاندن و نزیکبونەوە لە ستانداردی سیستمی خوێندنی زانکۆ پیشکەوتوەکانی جیهان، وتیشی بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵى (٢٠١٥) و، دواى تێپەڕبونى ساڵێک به‌سەر دەست بەکاربونماندا سمینارێکمان بە ناوى (جێبەجێکردنى ڕیفۆرمى جۆرى سیستمى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکان و بۆلۆنیا پرۆسێس) به‌دروشمى (پلان و دیدگه‌ى نوێ بۆ ڕیفۆرمى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان) پێشکەش کرد بە ئامادەبونى زۆرێک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاگركان و، سەرۆک بەشەکان و، مامۆستایان و بەرپرسانى زانکۆکان، کە تیایدا باسمان لەوە کرد وەزارەتەکەمان بە بایەخەوە دەڕوانێتە جێبەجێ کردنی بۆلۆنیا پڕۆسێس، هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌وكات ڕامانگه‌یاند، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌كانمان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی زانكۆكان و ئاوێته‌كردنی به‌سیستمه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان جێبه‌جیكردنی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیسه‌.

 

سیستمی بۆلۆنیا پرۆسێس زۆرترین كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌كات

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، د.یوسف گۆران باسی له‌ گرنگی په‌یڕه‌وكردنی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیس كرد و وتی: هەوڵدان بۆ پەیڕەوکردنی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسێس هەوڵێکی گرنگە بۆ  ئەوەی ئێمەش بتوانین سیستمی خویندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ سیستمی خوێندنی وڵاتانی پێشکەوتو بگونجێنین، وتیشی بۆ ئەوەى ببێتە دەستکەوتێکى گەورە بۆ چارەسەرکردنى زۆرێک لە کێشەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەبەرئەوەى ئه‌م سیستمه‌ پڕۆژەیەکى زانستى پڕ بایەخە لە خوێندنى باڵادا و، پێوەرى تایبەت بە خۆى هەیە و، لە ئێستادا لە زیاتر لە (٤٨) وڵات لە ئەوروپا و، سەرانسەرى جیهان پەیڕەوى بۆلۆنیا پرۆسێس دەکرێت، ئه‌م سیستمه‌ وا دەکات بە سیستەمی کرێدت لە ڕێگەی (ECTS)، ئەوەش وا دەکات کە خوێندکارەکانمان بە ئاسانتر لە زانکۆ ناوبەنگەکانی جیهان وەربگیرێن بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا، ڕونیشیكرده‌وه‌ سیستمی (ECTS) ژینگەیەکی باشتری فێربون بۆ فێرخوازانمان فەراهەم دەکات، چونکە بۆ کۆکردنەوەی کرێدت قوتابیان و خوێندکاران پێویستە چالاکی زۆر و پڕاکتیکی بۆ ئەم مەبەستە ئه‌نجام بدات، وتیشی جێبه‌جێكردنی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیس ده‌توانێ به‌شێكی زۆر له‌ كێشه‌كانی خوێندنی باڵا له‌ وڵاته‌كه‌مان چاره‌سه‌ر بكات وه‌ك یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان، چونكه‌‌ ئه‌و سیستمه‌ ده‌بێته‌ هۆی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌، له‌هه‌مان كاتدا گواستنه‌وه‌ی خوێندكار له‌ نێوان زانكۆكان چاره‌سه‌ر ده‌كات و، خوێندكاران له‌ هه‌ر وڵات و زانكۆیه‌ك كه‌ ئه‌و سیستمه‌ په‌یڕه‌و بكه‌ن و بیانه‌وێ ده‌توانن درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستیان، وتیشی هه‌ربۆیه‌ بڕیارمادنداوه‌، هه‌ر زانكۆیه‌ك بخوازێ به‌شێكی نوێ بكاته‌وه‌ ده‌بێ په‌یڕه‌وی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسێس بكات.

 

ئێستا سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیس له‌ دو زانكۆ و چه‌ند به‌شێكی زانكۆی تر جێبه‌جی ده‌كرێ

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، د.یوسف گۆران باسی له‌ هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و سیستمی له‌ كوردستان كرد و ڕایگه‌یاند: دوای ڕاگەیاندنی ئەم ستراتیجیەتەی وەزارەت، بە خۆشحاڵیەوە هەردوو زانکۆی چەرمۆ و زانکۆی زاخۆ بە دەنگ ستراتیژیەتی وەزارەت هاتن و  ڕایانگەیاند کە ئامادەن بە تەواوەتی سیستمی بۆڵۆنیا پڕۆسێس جێبەجێ بکەن و، له‌ ماوه‌ی دو ساڵی ڕابردودا هه‌نگاوی گه‌وریان نا و، لە ئێستادا هەردو زانکۆ پەیڕەوی بۆلۆنیا پڕۆسێس لە تەواوی کۆلێژ و بەشە جیاکانی زانکۆکانیان دەکەن، وتیشی جێگای دەستخۆشیە کە هەندێک لە بەشە جیاکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وه‌ك زانكۆی گه‌شه‌پێدان پەیڕەوی سیستمی بۆلۆنیا پڕۆسێس دەکەن.

 

گۆڕانكاری له‌ سیستمی و كه‌لتور كێشه‌ دروست ده‌كات

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌وه‌ ده‌كات گۆڕانكارییه‌كان به‌بێ به‌ربه‌ست تێپه‌ڕ نابن، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: وه‌زاره‌ته‌كه‌مان ئێستا به‌رنامه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ بۆ دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌كی گه‌وره‌ی نیشتیمانی ئه‌كرد‌یته‌یشن به‌هاوكاری ده‌زگای زیڤای ئه‌ڵمانی، وتیشی ده‌زگای زیڤا وتیان ئه‌گه‌ر سیستمه‌كانتان نه‌كه‌ن به‌بۆلۆنیا پرۆسێس  ناتوانین هاوكاری ته‌واوتان بین، وتیشی ئه‌وه‌ هانمان ده‌دات تا زوتر تێكه‌ڵی سیستمه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بین و، ئینجا دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌توانن‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دامه‌زراوه‌كانمان و ئاستی زانستیان بكه‌ن، وتیشی به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانین خزمه‌تی زیاتر كه‌رتی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان بكه‌ین، زیاتر له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕونكردنه‌وه‌ی داو وتی: گۆڕینی سیستم‌ گۆڕینی كه‌لتورێكه‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌سه‌ری ڕاهاتوین، بۆیه‌ ئه‌وه‌ش دوچاری كێشه‌مان ده‌كات، وتیشی‌ ئه‌و كارانه‌ی ده‌ستمان داوه‌تی بێ كێشه‌ نه‌بون و نابێت، به‌ڵكو ده‌بێ وه‌ك وه‌زاره‌ت و زانكۆ و ڕاگره‌كان پشو درێژبین و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، چونكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌توانین كه‌رتی خوێندنی باڵا‌ به‌ره‌و پێشه‌وه ‌به‌رین و، له‌ قۆناخێكه‌وه‌ بگوازینه‌وه بۆ قۆناخێكی دیكه‌، ڕاشیگه‌یاند: تا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ نه‌نێین ناتوانین بگه‌ینه‌ ئامانجه‌ باڵاكان.

 له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ كاره‌كانی وۆركشۆپه‌كه‌ خواست و ده‌ستخۆشی له‌ ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری و زانكۆی چه‌رمو كرد بۆ ڕێكخستنی ئه‌و وۆركشۆپه‌.

 

زانكۆی چه‌رمو باس له‌ ئه‌زمونی خۆی له‌ سیستمی بۆلۆنیا پرۆسێس ده‌كات

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وۆركشۆپه‌كه‌دا، د.سه‌ڵاح ڕه‌زا سه‌رۆكی زانكۆی چه‌رمو سمینارێكی ده‌رباری لایه‌نه‌ جیاكانی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیس پێشكه‌شكرد، هه‌روه‌ك باسی له‌ ئه‌زمونی زانكۆكه‌یان كرد، كه‌ چۆن ده‌ستیان به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و سیستمه‌ كرد و لایه‌نه‌ باشه‌كانی ئه‌و سیستمه‌ی بۆ ئاماده‌بوان به‌وردی باسكرد، بۆ ئه‌وه‌ش سوپاسی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ستافی وه‌زاره‌تی كرد بۆ پاڵپشتی و پشتیوانیه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان له‌ زانكۆكه‌یان بۆ جیبه‌جێكردنی ئه‌و سیستمه‌، هه‌روه‌ك ئاماده‌یی زانكۆكه‌شیانی بۆ هاریكاریكردنی هه‌ر زانكۆیه‌ك دوپاتكرده‌وه‌، كه‌ بخوازن ئه‌و سیستمه‌ جیبه‌جێ بكه‌ن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و وۆركشۆپه‌دا، چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی زانستی سه‌باره‌ت به‌سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیس له‌لایه‌ن ( م.شاخه‌وان حارس وادی و، د. غازی حه‌سه‌ن ساڵح) پێشكه‌شكرا.


https://www.mhe-krg.org/ku/node/3859



Comments