د.یوسف گۆران: تا وەسفى کێشە سیاسیەکانمان نەکەین، ناتوانین چارەسەریان بکەین

posted Feb 27, 2017, 11:00 PM by Directorate of Media


بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: حکومدان لەسەر کێشەکان و، نەبونى دامەزراوەى سیاسى کاریگەرى و، وتارى پۆلۆپۆستى حزبەکان و سەروەرنەبونى یاسا و جەمسەرگیرى سیاسى و چەندین کێشەى دیکە بۆنەتە هۆکارى کەڵەبونى کێشەکانى هەرێمى کوردستان و چارەسەرنەکردنیان.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٢٣/٢/٢٠١٧) لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتێکى تایبەت لە بارەى (داهاتوى پڕۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان) لە سیمپۆزیۆمى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى هات.



لەو سیمپۆزیۆمدا، کە سێنتەرى گەشەپێدان بۆ توێژینەوە و ڕاهێنانى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى بەهاوبەشى سێنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى بەناونیشانى "ئایندەى پڕۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان و ئێراق" ڕێکیانخستبو، د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و، ژمارەیەک لە کەسایەتى ئەکادیمى و سیاسى و مامۆستایانى زانکۆ ئامادەیبون چەند بابەتێک پێشکەش کران.



کێشەکان جۆراو جۆرن

لەسەرەتایى سیپۆزیۆمەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بابەتێکى پێشکەش کرد، لەو چوارچێوەیەشدا هۆکارە ناوخۆییەکانى کێشەکانى هەرێمى کوردستانى دەستنیشانکرد و وتى: کێشەکان بریتین لە دەستور و حکومەت و دەسەڵاتى یاسایی و دامەزراوە دیموکراتیەکانە، بۆیە بەڕچاوکردنى ئەو هۆکارانە ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ سیستمى سیاسى هەرێمى کوردستان بکەین، دەبینین خاوەن سیستمێکى سیاسى دیموکراتى تەواو نەبێ، واتا سیستمەکەمان هەیە بەڵام تەواو نیە.



دەکرێ لە یەک وڵاتدا دو جۆر لە سیستمى سیاسى هەبێ

هەر لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: کاتێک کە قسە لەسەر سیستمى سیاسى لە وڵاتدا دەکەین، دەبێنین دو جۆرە سیستمى سیاسى تەواو سیستمى سیاسى لاوەکى هەیە، ئەکرێ لە یەک وڵاتدا سیستمى سیاسى تەواو و سیستمى سیاسى لاوەکى هەبێ وەک ئەوەى لە ئێراق و کوردستان هەیە. ئایا لە هەرێمى کودستان ئەو سیستمە سیاسیە سەربەخۆیەى کە هەیە؟ ئایا حزبە سیاسیەکان تێڕوانیان چۆنە بۆ ئەو سیستمە؟ لە کوردستان زۆر هێزى نا سیاسى هەیە، کەچى ڕۆڵى گەوەرى لە سیاسەتەى هەرێمى کوردستان هەیە.



کێشەکانى مۆرکێکى سیاسیان وەرگرتوە

د.یوسف گۆران بەشێکى دیکەى قسەکانى تەرخان کرد بۆ قسەکردن لەسەر کێشە سیاسیەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان و بۆ ئەوەش وتى: لە سیستمى سیاسى باوەدا پێویستە دیموکراتى هەبێ و، دەسەڵاتى یاسایى و سیاسى هەیە، لەهەمان کاتدا تاکەکان خاوەن ئابورى خۆیان بن، واتا کەرتى تایبەت ڕۆڵى باڵاى هەیە، بەڵام ئەگەر کەرتى گشتى لە هەر کۆمەڵەیەک ڕۆڵى کاراترى لە کەرتى تایبەت هەبێ، ناتوانێ سیستمێکى سیاسى دیموکراتى بونیاد بنرێ، چونکە چۆن کەرتى گشتى موڵکى خەڵکە، حکومەتیش سامانى سروشتى بەسەر تاکەکاندا دابەش دەکات، لەوەشدا کەرتى گشتى کاراتر دەبێ و دیموکراسیش گەشە ناکات، هەربۆیە ئەگەر کوردستان بە نمونە وەربگرین کێشەکان گەورە دەبن و ناتوانرێ چارەسەر بکرێن، لە کاتێکدا بەشێکى زۆرى ئەو کێشانە ئەتوانرێ بە دامەزراوە بیرۆکراتیەکانى دەوڵەت چارەسەر بکرێن، ئەو کێشانەى لە کوردستان هەیە بەشێکى زۆیان مۆرکێکى سیاسیان وەرگرتوە، لەهەمان کاتدا کەمى دامەزراوە بیرۆکراتیەکان واى کردوە بەشێکى زۆرى کیشەکانمان خراپتر بن.



سەروەرنەبونى یاسا

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەوەشدا بەشێکى زۆرى کێشەکانى هەرێمى کوردستان پەیوەندى بەناسەروەربونى یاساوە هەیە، بۆیە ئەگەر یاسا سەروەرى بێ، ئەتوانین بەشێکى زۆرى ئەو کیشانە چارەسەر بکەین، دەبینین لەو وڵاتانەى کە یاسا سەروەرە دەزگاو دامەزراوەکان بەهێزن، بۆیە زۆر بەئاسانى توانیوانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بەرەو دیموکراتى گوزر بکەن، بەڵام بەپێچەوانەوە لە وڵاتانەى کە سەروەرى یاسا نیە بەئەستەم بەرەو دیموکراتى گوزەر دەکەن.



نەبونى دامەزراوەى سیاسى جۆراو جۆر

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا د.یوسف گۆران بەگرنگیەوە باسى لە بونیادنانى دامەزراوەى سیاسى جۆراو جۆر کرد تا ببێتە ناوەندێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕا سیاسیەکان و لەو بارەیەوە وتى: یەکێکى دیکە لە گەورەترین دەستکەوتەکانى دیموکراسى بریتیە لە دروستکردنى دامەزراوەى جۆراو جۆر بۆ گفتوگۆ و مساوەمە و سازانى سیاسى، لە هەمو وڵاتە باوە دیموکراسیە ڕەسەنەکانى دنیادا ئەو دامەزراوانە هەیە، بۆیە ئەگەر قسە لەسەر بەهێزکردنى بنەما یاساییەکان و دیموکراتى بکەین دەتوانین چارەسەرەکانمان کێشەکان چارەسەر بکەین، بۆیە نەبونى ئەو دامەزراوانە لە کوردستان واى کردوە کیشەکانمان بەرەو چارەسەر نەڕوات و بەرەو تەقینەوە بڕوات، وڵاتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا و چەندین وڵاتى دیکە نمونەى ئەو وڵاتانانەن کە جۆڕیک لەو دامەزراوانەیان دروست کردوە و جۆرێک لە گفتوگۆى سیاسیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان دروست کردوە، چونکەبونى ئەو دامەزرانە بۆ ئەوەیە تا کێشەکان نەبنە کێشەی کۆمەڵگەیى، چونکە ئەگەر کێشەکان بون بە کۆمەڵگەیى، کۆمەڵگە بەرەو پەرتەوازەبون دەڕوات و، جۆرێک لە جەمسەرگیرى دروست دەبێ.



خراپى سیستمى ئابورى

د.یوسف گۆران خراپى سیستمى ئابورى لە کوردستان بە یەکێکى دیکە لە کێشەکانى هەرێمى کوردستانى داناو لەو بارەیەوە ڕونکردنەوەى زیاترى داو وتى: یەکێک لە بنەماکانى سیستمى سیاسى دیموکراسى پەیوەندى بەسیستمى ئابورییەوە هەیە، بۆیە دەبینین لە کوردستان ئەو سیستمە ئابورییەى کە هەیە و ئەو سیستمە سیاسیە دروتى کرردوە ئایا ئەتوانێ پرۆسەیەکى سیاسى دیموکراتى پێشکەوتوى تێدا دروست بکرێ؟ چونکە ئەزانین بەبێ ئابورییەکى ئازاد سیستمى سیاسى دیموکراتى سەرکەوتو نابێ، بۆیە ئەگەر ئەستەمە لە سیستمێکى ئابوری (ڕعى) بتوانى سیستمێکى سیاسى دیموکراتى دروت بکرێ، چونکە لەو جۆرە سیستمەدا بەشێکى زۆرى هاوڵاتیانى لە داهاتە سروشتیەکانى خۆیان دەژین، ئەوەش دەوڵەت بەهێز دەکات بۆ دابەشکردنەوەى ئابورییەکەى، بەرامبەر بەوەش کۆمەڵگە لاواز دەبێ، ئەو کێشەیەش پەیوەستە بەهەموو دنیا.



سروشتى حزبە سیاسیەکان لە کوردستان جیاوازە

جۆراو جۆرى سروشتى حزبى سیاسیەکان لە کوردستان لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەیەکێکى دیکە لە کێشە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان دەستنیشانکرا، لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند: سروشتى حزبە سیاسیەکان بابەتێکى گرنگى سیستمە سیاسى دیموکراتیە، بۆیە سروشتى حزبە سیاسیەکان لە کوردستان جیاوازە، چونکە ئەستەمە هەوڵ بدەیت بەرەو دیموکراتى بڕوێت لەگەڵ حزبێک کە خۆى دیموکراتى نەبێ، بۆیە ئەگەر حزبێک لەناوخۆیدا دیموکراتى نەبێ ناتوانێ سیستمێکى سیاسى دیمکراتى دروست بکرێ.



نەبونى سازان

هەر لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتەکەیدا د.یوسف گۆران باسى لە بنەماکانى پێکهێنانى حکومەت کرد و بۆ ئەوەش گرفتەکانى ئەو بیرۆکەیەى دەستنیشان کرد و وتى: یەکێک لە کێشەکان کە لە کوردستان دروست بوە، ئەوەبو لەسەر بنەماى دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان بیرۆکەى سازان لە نێوان پارتە سیاسیەکان هاتە ئاراوە و سەرجەم لایەنەکانیش پشتگیرى ئەو بیرۆکەیەیان کرد و، حکومەت و پاڕلەمانیش لەسەر بنەماى بنکە فراوان دروست بو، ئەڵام بەئەزمون بۆمان دەرکەوت ئەو جۆرە حکومەت سەرکەوتو نەبو، چونکە لە بنەڕەتدا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتى ناگرێتە ئەستۆ و، بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیش پەیڕەوى سازان نەدەکرا، بۆیە نەبونى سازان واى کرد حکومەت نەتوانێ لە ڕاپەڕاندنى کارەکانى سەرکەوتو بێ.



جەمسەرگیرى سیاسى

هەر لە چوارچێوەى بابەتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: یەکێکى دیکە لە کێشە سیاسیەکان لە هەرێمى کوردستان سیاسەتى جەمسەرگیریە، کە ئەوەش هى ئێستا نیە، بەڵکومێژوییەکى کۆنى هەیە، هۆکارەکانی ئەو جۆرە سیاسەتەش زۆرن، بەڵام هەموو سیستمێکى سیاسى کە لەسەر بنەماى جەمسەرگیرى سیاسى توند دروست بێ سەرکەوتو نابی، بۆیە یەکێک لە کێشەگەورەکانمان ئەو جەمسەرگیرییە سیاسیە کە لە کوردستان هەیە.



وتارى پۆپۆلیستى حزبى سیاسى

وتارى سیاسى حزبە سیاسیەکان لە کوردستان لەلایەن د.یوسف گۆران بەهەمان شێوە بەیەکێکى دیکە لە کێشەکانى هەرێمى کوردستان دانرا و بۆ ئەوەش وتى: وتارى حزبە سیاسیەکان بۆتە ڕێگرە لەبەردەم چارەسەرکردنى کێشەکان، چونکە وتارەکانیان وتارى پۆپۆلیستین، ئەم وتارانەشن پەیوەست نین بەحزبێکى دیرایکراو، چونکى غیابى ئەقڵ هەیە و، لەهەمان کاتیشدا دان بەدامەزراوەکان نانێن و سەرکردەیان لە دامەزراوەکان پێ گرنگترە، ئەوەش ووایکردوە پڕۆسەى ئەقڵانى دورکەوێتەوە و، شێوەى بەڕێوەبردنیش بەرەو زحمەتى بڕوا، بۆیە هەر کاتێک وتارى حزبە سیاسیەکانى پۆپۆلیستى بێ و ئەقڵانى نەبێ دامەزراوەکان لاواز دەبن و چارەسەرکردنى کێشەکانیش ئەستەم دەبن.



داڕشتنەوەى پەیکەرى حکومەت

د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: پەیکەرى سیستمى سیاسى و حکومڕانیشمان پێویستى بەداڕشتنەوە هەیە، دەبێ بەشێوەیەک بێ جۆرە سیستمێکى ئاڵۆزتر لەوەى ئێستا بڕۆین و، دابەشکردنەوەى دەسەڵات زیاتر بکرێ و، مەرجیش نیە دەسەڵاتى ناوچەکان هەمویان وەک یەک بن، چونکە یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەیە کە دامەزراوەکانى بەڕێوەبردن فەرامۆش کراون و بەقەزاو ئیدارەوە هەموو شتەکان بە سیاسى کراون.



یارییە ترسناکەکە

وەزیى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆتایدائاماژەى بەکێشەیەکى دیکەى کوردستان کرد و وتى: یارى سفرى لە نێوان حزبە سیاسیەکان کە پەیڕەو دەکرێ یەکێکە لە کێشەکانى هەرێم، ئەم یاریە لە سیستمى سیاسیدا پێى دەوترێ یارى سفرى واتە سڕینەوەى یەکتر، بۆیە پیێویستە لەو ئەقڵیتە دەربچین و، بەشێوەیەک یارى بکەین و کەس بڕاوە نەبێ و کەسیش دۆڕاو نەبێ، دەبێ ئەوەش بزانین کە سیستمى سیاسى زۆر لە سیستمى حکومڕانى گەورەترە، بۆیە هەرەسهێنانى حکومەتى بنکە فراوان هۆکارێکى زاڵبونى حکومەتى پۆپۆلیستیە.



کۆتایى

لە کۆتایشدا، د.یوسف گۆران لە وەڵامى پرسیارى ئامادەبواندا ڕایگەیاند: یەکێکە لە کێشەکانى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە هەموان بەدواى چارەسەر دەگەڕێن، بەبێ ئەوەى وەسفى کێشەکان بکەن، بۆیە ئەگەر پرسیارى ڕاست نەکەین ناتوانین وەڵامى ڕاست وەربگرین، لەبەرئەوە پێویستە لەسەرەتادا وەسفى کێشەکان بکەین بۆ ئەوەى بتوانین چارەسەرى گونجاو بدۆزینەوە، بەڵام لە کوردستان زۆربەى جاران حکومى کێشەکان دەکرێن بەبێ ئەوەى وەسفى کێشەکان بکەن و هۆکارەکان دەستنیشان بکەن، لەبەر ئەوە دەبێ ئێمە وەسفى کێشەکان بکەین و مساوەمەى لەسەر بکەین و تەنازولى لەسەر بکەین و، لەهەمان کاتدا تەنازولیشى لەسەر نەکەین، واتا چارەسەرکردنى هەمو کێشەکان لە گێرفانى سیاسیەکان نیە.



ئەوەشى ڕایگەیاند: یاسا بۆ خۆى دیاردەیەکى کۆمەڵایەىتى و ئامرازى پێویستیشى بۆ سازەش و چارەسەرکردنى کێشەکان داناوە، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەى گەمەى سفرى کەلتورە لە کۆمەڵگەى ئێمە، بۆیە نازانین کێ لەگەڵ کێ دەیکات. هەر لە وەڵامى پرسیارەکاندا وتى: لە کوردستان شتێک نیە بەناوى ئۆپۆزسیۆن، چونکە هەموان لە دەسەڵاتن، بەڵام پرۆسەیەکى سیاسى پەکخواردو لە کوردستان هەیە و، حزبەکانمانیش حزبى دیموکراتى نین واتە حزبى سیاسى دیموکراتى ناوخۆى نین و، لە هەمان کاتدا دامەزراوەى ناڕەسمى کاریگەرى سیاسیشمان نیە، بۆیە کێشەکان کەڵەکەبون و بەبێ چارەسەر ماون.



هەر لەو سیمپۆزیۆمەدا لەبەر ڕۆشنایى دو تەوەردا (د.ئەنوەر محمەد، د.ئومێد ڕەفیق و د. کەنعان حەمە غەریب) تاوتوێى داهاتوى پڕۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان و ئێراق کرا و، ئامادەبوانیش بەسەرەنج و پرسیارو بۆچونەکانیان بابەتەکانى تەوەرەکانیان دەوڵەمەندتر کرد.



Comments