News‎ > ‎

جینۆساید لە یاسا و بڕیاری نێودەوڵەتاندا (جینۆساید لە باشووری کوردستان)

posted Sep 28, 2020, 10:19 PM by Twana Hadi
بەشی دووەم و کۆتایی
گۆران سەلام - ماستەر لە مێژوو

لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتەدا جینۆساید وەک چەمک و جۆر و سزا لە یاساو بڕیارە نێودەوڵەتییەکاندا شیکراوەتەوە. لەم بەشەیدا باس لە بەشێک لە تاوانەکانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق تایبەت ماوەی فەرمانڕەوایەتی رژێمی بەعس دەرهەق بە گەلی کورد دەکەین.
بە درێژایی فەرماڕەوایەتی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق جینۆساید دژی کورد لە باشوری کوردستاندا ئەنجامدراوە تایبەت لە سەردەمی بەعس ١٩٦٨ - ٢٠٠٣ گەیشتە ترۆپک و بە درێژایی ئەو ماوەیە (راگواستن، بەعەرەبکردن و بەبەعسیکردن) بوونی هەبووە.
لە ١٩٧٩ دا رژێمی بەعس دەستی کرد بە جینۆساید کردنی کوردانی فەیلی و لە ١٩٨٣ دا (٨ هەزار) هاوڵاتی لە سەرجەم چین و توێژەکانی بارزانییەکان ئەنفالکران.
هەر بەگوێرەی راگەیاندنی یونسکۆ لە ٢٢ / ١١ / ١٩٨٧دا داوا کرا دان بنرێ بە مافی کەلتوری نەتەوەیی کوردانی وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا.
رێکخراوی (Amenestry International) لە لەندەن لە ١٤ / ٣ / ١٩٨٩ ئاماژەی بەتاوانی ١٩٨٥ی بەعسدا لە سلێمانی کە (٣٠٠) لاوی تەمەن (١٧ بۆ ٢٣)ی لە سێدارە داوە، لە ٤ / ٩ / ١٩٨٧ پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر هەمان کەیس ناڕەزایەتی دەربڕیوە.
هەروەها لە ٣ / ١ / ١٩٨٨ (Amenestry International)
ئاماژەی بە بەکارهێنانی ژەهری سالیۆم کردووە لەلایەن رژێمی عێراقەوە دژی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان.
هەر لە هەمان ساڵ و لە ٢٣ / ٢ / ١٩٨٨ تا ٦ / ٩ / ١٩٨٨ شاڵاوەکانی ئەنفال بە (٨) قۆناغ ئەنجامدرا و تێیدا (١٨٢ هەزار) ژن و منداڵ و گەنج و پیری تێدا کرا بە قوربانی و گۆڕ بزرکران، لە ١٦ / ٣ / ١٩٨٨ رژێم به بۆمبی کیمیایی لە شاری هەڵەبجەی دا و (٥ هەزار) قوربانی لەسەرجەم چین و توێژەکان لێکەوتەوە.
لەسەر ئەم تاوانە سەفیری ئوستورالیا لە (UN) نامەیەکی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی کورد داوە بە (UN)، لە ١٤ / ٤ / ١٩٨٨یشدا لیژنەیەک لە زانکۆی (Gent)ی بەلجیکی سەردانی کوردستانی کردووەو رایگەیاندووە کە هەڵەبجە مەرگ باڵی بەسەردا کێشاوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی (UN) لە ٩ / ٥ / ١٩٨٨ بەبڕیاری (٦١٢) بەکارهێنانی چەکی کیمیایی مەحکووم کردووە، ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی (UN) لە ١٦ / ٩ / ١٩٨٨ ئاماژەی بە کۆمەڵکوژی کورد کردووە، لە ساڵی ١٩٨٨ دا (٢٨) ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکی ناڕەزاییان دژی سیاسەتی حکومەتی عێراق بەرامبەر بەکورد دەربڕیوە.
راپۆڕتی فیدراسیۆنی جیهانی مافی مرۆڤ لە پاریس لە مانگی ١٢ی ١٩٩٠ تا مانگی ١ ی ١٩٩١ رایگەیاندووە راگواستنی چوار شاری کوردستانی عێراق دەستی پێکردووە، دواتر کۆمەڵەی گشتی (UN) لە ٤ / ٥ /١٩٩٠ باسی لە تاوانەکانی رژێمی عێراق لە دژی کورد کردووە، لە بەهاری ١٩٩١یشدا رژێمی بەعس لە پەرچەکرداری راپەڕین و شکستی لە جەنگی کوەیتدا هێرشی کردە سەر کوردستان، بەو هۆیەوە (١ ملیۆن) هاوڵاتی باشوری کوردستان لە ئاوارەبوون کە بە (کۆڕەو) ناسراوە، سەرئەنجام بە بڕیاری (٦٨٨)ی ئەنجومەنی ئاسایش هێڵی دژەفڕینی (٣٦) وەک لەمپەڕێک بۆ رێگری دووبارە قڕکردنی کورد دانرا.
لیژنەی نەهێشتنی تاوانی ڕەگەزی (UN) لە ٢٣ / ٨ / ١٩٩١ داوای لە عێراق کرد ئاوارەبوونی کوردی عێراق بۆ ئێران روون بکاتەوە لەکاتی جەنگی عێراق - ئێران دا.
ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی لیژنەی مای مرۆڤی (UN) لە راپۆرتی ١٨ / ٢ / ١٩٩٢ دا بە (٩٦) لاپەڕە باسی تاوانەکانی رژێمی بەعسی دژ بە گەلی کورد کردووە. پەرلەمانی ئەوروپی لە بڕیارێکی تایبەتدا دەربارەی کورد لە ١٢/ ٦ / ١٩٩٢ دا لە (٦) خاڵدا داوا لە (UN) و (١٢) وڵاتی ئەوروپی دەکات بەهانای کوردەوە بچن، بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی مافی مرۆڤی (UN)یش لە ١٩٩٣ لەخاڵی (٩٧ بۆ ١٠٣) دا ئاماژەی بەوە کردووە کە جینۆساید لە دژی کورد ئەنجام دراوە.


Comments