لە پرۆژە ئەکادیمیەکاندا خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان و ئوردون هەماهەنگى دەکەن

posted Oct 24, 2016, 12:37 AM by Directorate of Media

وابڕیارە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئوردون لە میانى ئیمزاکردنى یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن سەرجەم پرۆژە ئەکادییمیەکانى نێوان هەردوولا پەرەى زیاترى پێ بدرێت. بۆ ئەم مەبەستەش بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستێکى فراوان وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم سەردانى شانشینى ئوردون بکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتى ٢٣-١٠-٢٠١٦ د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەدیوانى وەزارەت لەشارى هەولێر پێشوازیکرد لە د. هەیسەم ئەبولفول کونسوڵى گشتى شانشینى ئوردونى هاشمى لە هەولێر . لەدیدارێکدا باس لە سەردانى رەسمى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان کرا بەسەرۆکایەتى د. یوسف گۆران بۆ وڵاتى ئوردون کە بۆیەکەم جارە لەسەر ئاستێکى بەرفراواندا ئەم وەفدە سەردانى ئەم وڵاتە دەکات، واش بڕیارە بەمەبەستى پەرەپێدانى سەرجەم پرۆژە ئەکادیمیەکانى نێوان هەردوولا لەمیانى سەردانەکەدا یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن لەنێوان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم و وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئوردون ئیمزابکرێت. 

بۆ ئەمەش د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئوردون پەیوەندى بەهێز و دێرینە و هەردوو گەل خاوەن مێژو و کلتورێکى دەوڵەمەندن،  بۆ ئەم مەبەستە و بەئامانجى پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕى زیاترى زانستى و ئەکادیمى لەنێوان هەردوولا  لەڕێگەى یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن لەبوارى ئاڵوگۆڕى زانستى و پەیوەندییەکان و دڵنیایى جۆرى و خوێندکارانەوە دەمانەوێت ئەو پەیوەندیانە پەرەیان پێبدرێت.

جێگەى ئاماژەیە وەک رەنگدانەوەیەک بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکان وا بڕیارە دواى گەڕانەوەى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم لە وڵاتى ئوردون لەرۆژانى ٢٩و 30- ١٠-٢٠١٦ بەچاودێرى وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم لەشارى هەولێر بەبەشدارى زیاتر لە ١٥ زانکۆى حکومى و تایبەتى ئوردون پێشانگاى زانکۆ ئوردونیەکان لە هەولێر بکرێتەوە. کە ئەمەش دەبێتە دەروازەیەکى بەهێز بۆ ئاڵوگۆڕ و پەرەپێدانى پەیوەندییەکان.

ą
IMG_0001.JPG
(4445k)
Directorate of Media,
Oct 24, 2016, 12:37 AM
ą
IMG_0006.JPG
(3746k)
Directorate of Media,
Oct 24, 2016, 12:37 AM
Comments