وەزیرى خوێندنى باڵا: بەبێ بیری ئازاد و تێڕوانینی ڕەخنەیی ناگەینە ئاستی بەشداری ڕەسەن لە بەرهەمهێنانی مەعریفە

posted May 22, 2017, 11:49 PM by Directorate of Media
مەحمود حاجى ساڵح وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت ڕاگەیاند: لە ڕوی فیکری و کلتورییەوە دەبێت باشتر خۆمان بۆ ڕوبەڕوی تیرۆر و بیری توندوتیژی ئامادە بکەین، بۆ ئەوەش سازدانی دیبەیتێکی نیشتمانی بۆ داڕشتنی ستراتیژی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی بیرو هزری توندوتیژی لە کۆمەڵگەى کوردى بەپێویست زانى.

سێیەمین کۆنفرانسى دابڕان بە پێشکەشکردنى چەند وتارێک دەستیپێکرد

ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت، ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (٢٢/٥/٢٠١٧) لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکیدا لە سێیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى پلاتفۆرمى دابڕان هات.

مەراسیمى کردنەوەى سێیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى پلاتفۆرمى دابڕان بە ساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان و خوێندنەوە و پێشکەشکردنى چەند وتارێک دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا د.بەسمە حەبیب سەرپەرشتیارى فێمێنیزمى دابڕان وتارى کۆنگرەى دامەزراندنى فێمێنیزمى ڕۆشنگەرى خوێندەوە، لە وتارەکەیدا باسى لە ئەرک و کاروچالاکیەکان و پێکهاتەى کۆنگرەکەیان کرد، پاشان د.دڵشاد مستەفا سەرپەرشتیارى پلاتفۆڕمى دابڕان وتارێکى خوێندنەوە، لە وتارەکەیدا باسى لە کارنامەى کۆنفرانسەکە کرد، هەروەک ئاماژەى بەو هەنگاوانە کرد کە لە یەکەمین کۆنفرانسى پلاتفۆرمى دابڕانەوە ناویانە، بەتایبەت لە بڵاوکردنەوەى بیرى ڕۆشنبیرى، هەر بەو بۆنەیەوە حاک قادر وتەبێژى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتیمانى کوردستان وتارى مەکتەبى سیاسى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا پشتیوانى یەکێیتى بۆ کارەکانى پلاتفۆرمى دابڕان و چەسپاندنى بیرى ئازاد و پایەکانى دیموکراسى لە کوردستان دوپاتکردەوە، هەر لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، مەلا بەختیار سەرپەرشتیارى پلاتفۆرمى دابڕان لە وتارێکدا بەدورودرێژى و بەوردى تیشکى خستە سەر هۆکارەکانى سەرهەڵدانى بیرى توندڕەوى لەسەر ئاستى جیهان، هەروەک ئاماژەى بەپێویستى پێداوچونەوە بەکارنامەى دامەزراوە پەیوەندارە حکومیەکان کرد تا زیاتر بیرى توندڕەوى گەشە نەکات و، بەڵکو بەرى لێبگیرێ.

کۆنفرانس هەنگاوێک بۆ داڕشتنى نەخشە ڕێگەى کارەکانى ئایندە

هەر بەو بۆنەیەوە مەحمودى حاجى ساڵح وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت، وتارى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خوێندنەوە، لە سەرەتاى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت وتى: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم کۆنفراسەدا بە دیداری ژمارەیەکی بەرچاو لە بیرمەند و نوسەرو ڕوناکبیری وڵاتەکەمان شاد دەبم، دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفراسە دەکەم، بە تایبەت ئەندامانی لێژنەی ئامادەکار، کە بە هەوڵ و ماندوبونیان توانیان هەمومان لێرە کۆبکەنەوە، بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی ئاڵوگۆڕی بیروڕاو، سەرەنج و تێڕوانینەکان و، دارشتنی نەخشە ڕێگەی کاری هاوبەش بۆ ئایندە.

کۆنفرانس بەمیتۆدى زانستى شەنوکەوى بابەتە پەیوەندارەکان دەکات

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، مەحمودى حاجى ساڵح بەگرنگیەوە باسى لە کاروچالاکیەکانى پلاتفۆڕمى داران کرد و وتى: جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە چالاکییەکانی پلاتفۆڕمی دابڕان بکەین، کە لە ماوەی دەستبەکاربونیان تا ئێستا توانیان کاری جددی بۆ چەسپاندنی پرانسیبەکانی ڕەخنەی زانستی و ئەقڵانی بیری ئازاد و مامەڵەکردن لەگەڵ تێکستەکان بە چاوی تێڕوانین و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بکەن، وتیشى بەرهەمە زانستی و فیکرییەکانی ئەم پلاتفۆرمە پشت بە میتۆدی نوێی توێژینەوەی زانستی دەبەستێت بۆ شەن و کەوکردنی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیدارن بە بابەتەکانى ئاینناسى، بەراوردکاری ئایینی، ئەنسرۆپۆلۆژیای ئاینی، فیقه، شەریعەت، سۆسۆلۆژیا و سایکۆلۆژیا، هەروەک دەستخۆشی لە پلاتفۆرمى دابڕان کرد بۆ هەوڵەکانتین لەبارەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری نوێی و ئاین و پێکەوەژیان و، کرانەوەی ئاین و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان.

کوردستان و تەواوى وڵاتانی دونیا بەدەر نین لە مەترسیەکانی توندرەوی و بیرو هزری توندو تیژی

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ بارودۆخى کۆمەڵگەى کوردى و لەوبارەیەوە وتى: جێگەی شانازییە، کە کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕوی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئەپستمۆلۆژییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بۆتە نمونەیەکی جوان و ناوازە لە پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان، ڕاشگەیاند: پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان ڕەگ و ڕیشەی مێژویی هەیە و سەرچاوەی سەقامگیری کۆمەڵایەتییە لە هەرێمەکەمان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت ئەوەشى ڕاگەیاند: دەبێت ئەو ڕاستیە لەبەرچاوبگرین، کە هەرێمی کوردستان و تەواوی وڵاتانی دونیا بەدەر نین لە مەترسیەکانی توندرەوی و بیرو هزری توندو تیژی.

کۆمەڵگەى کوردى پێویستى بەدیبەتێکى نیشتیمانیە بۆ بەرنگاربونەوەى تێرۆر

هەر لە چوارچێوەى وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت باسى لە کارنامەى وەزارەتەکەى کرد و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: لە ڕۆژانی ( 15 – 16) ى مانگی دێسەمبەری ساڵی (2016) وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی بەهاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان کۆنفراسی ( لێبوردەیی ... ژیان)ی سازکرد، وتیشى ئەم کۆنفراسە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن دەربارەی ڕەگوڕیشە و، هۆکاری توندوتیژی و توندرەوی لە کۆمەڵگە و، چۆنیەتی کارکردن بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی و پێکەوەژیان و تۆلەرانس و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان، ئاشکراشیکرد توێژەران و بیرمەنانی بەشداربوو لەو کۆنفراسە (بە توێژەرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیشەوە) هاوڕابون کە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر تەنها لایەنی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی نىیە، بەڵکو دەبێت خۆمان باشتر ئامادەبکەین، کە لە ڕوی فیکری و کەلتورییەوە ڕوبەڕوی تێرۆر و بیری توندوتیژی ببینەوە، وتیشى لەم ڕوەوە پێویستمان بە سازدانی دیبەیتێکی نیشتمانییە بۆ داڕشتنی سترارتیژی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی بیرو هزری توندوتیژی لە کۆمەڵگەکەمان، ڕونیشیکردەوە، کە زۆر گرنگە لە دارشتنی ئەم ستراتیژیەتەدا پشت بە توێژینەوە و لێکدانەوەی زانستی و میتۆدی نوێی زانستی ببەستین. مەحمود حاجى ساڵح ئاکامى کۆنفرانسەکەى بەمیوانان ڕاگەیاند و وتى: لە کۆنفراسەکەدا داوا لە توێژەرانی بوارە جیاکان کرا، هەوڵ بدەن لە توێژینەوەکانیاندا جەخت لەسەر ئەو بابەتانە بکەن و، ڕێگەکانی چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی تێرۆر بکەنە پرسیاری زانستی و، بەمیتۆدی زانستیش وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە.

توێژەران دەتوانن پرۆپۆزەڵەکانیان پێشکەش بەبۆردى توێژینەوەى زانستى بکەن

مەحمودى حاجى ساڵح بەگرنگیەوە باسى لە گرنگى توێژینەوەى زانستى و کارنامەى وەزارەتەکەى بۆ پێشخستنى توێژینەوەى زانستى کرد و، لەو بارەیەوە وتى: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێکەوتی (2-5-2017) دامەزراندنی بۆردی توێژینەوەی زانستی کوردستانی ڕاگەیاند، وتیشى ئەم بۆردە بریتیە لە ئەنجومەنێکی زانستی ستراتیژی نیشتمانیی و، کار بۆ داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژی گشتی توێژینەوەی زاستی دەکات، لەهەمان کاتدا پشتیوانی لە چالاکی توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی گرانتی ساڵانە و بەخشینی بە پرۆپۆزەڵانەی، کە ئاستی زانستییان بەرزە و لە ئەولەویەتی بەرژەوەندی نیشتمانی هەرێمی کوردستانن، ئاشکراشیکرد، کە تا ئێستا بڕی (٢٠٠ ملیۆن دینار)یان وەک گرانتی یەکەم بۆ ئەو بۆردە دابینکردوە، ڕونیشیکردەوە لە ڕێگەی پێشبرکێوە ئەو پارەیە دەدرێت بە پرۆپۆزەڵی ئەو توێژینەوانەی، کە دەچنە خزمەتی چارەسەرکردن بابەتەکانى تایبەت بە هەرێمەکەمان، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت داواى لە ئامادەبوانى کۆنفرانسەکە کرد پرۆپۆزەڵی توێژینەوەکانیان لە بوارەکانی ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژی و، پەرەپێدانی بیری میانڕەوی و پێکەوەژیان پێشکەش بەبۆردی توێژینەوەی زانستی بکەن، تا بچنە پێشبڕکێی بە دەستهێنانی پشتیوانی داراییەوە، چونکە ئەم بوارانە لە ئەولەویەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە.

لە زانکۆکانى کوردستان کۆمەڵێک بابەتی نوێ خرایە نێو پڕۆگرامەکانی خوێندنی ئیسلامی

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ کارەکانى وەزارەتەکەى بۆ ڕیفۆرمکردن لە بوارى خوێندنى ئیسلامى و لەو بارەیەوە وتى: لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٦) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕیفۆرمی ( خوێندنی ئیسلامی) خستە بواری جێبەجێکردنەوە، وتیشى لە سەرەتادا هەمو پەیمانگەکانى زانستە ئیسلامیەکان بەشێوەیەکی ڕەسمى خرانە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە پێشتر سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بون، ئاشکراشیکرد کە بۆ ئەوەی لە ڕوی ئەکادییمەوە گرنگی زیاتریان پێبدرێت تەواوی ئەو پەیمانگایان لەگەڵ کۆلێژەکانی خوێندنی ئیسلامی زانکۆکانی کوردستان ئاوێتەکرد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت هەنگاوى دواترى ئەو ڕیفۆرمەى زیاتر ڕونکردەوە و وتى: هەنگاوی دوەمی ئەو پڕۆژەیە بریتیبوو لە گۆڕانکاری و، پەرەپێدانی ناوەڕۆکی پڕۆگرامەکانی خوێندنی ئاینی لە زانکۆکانی کوردستان، وتیشى لەو پرۆسەیەشدا سود لە پڕۆگرامەکانی خوێندنی وڵاتانی خاوەن ئەزمونی سەرکەوتو لە بواری خوێندنی ئیسلامی وەرگیراوە، ئەوەشى ڕاگەیاند: کە کەسانی پسپۆڕ لە دەرەوەی کوردستان بانگێشتکراون ،و سوودیان لێ وەرگیرا، لەهەمان کاتدا ستافى وەزارەت سەردانی چەندین زانکۆی سەرکەوتویان لە دەرەوەی وڵات کرد و، خاڵە پۆزەتیڤ و گونجاوەکانیان گواستۆتەوە بۆ ناو پڕۆگرامی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، ئاشکراشیکرد لە ئاکامدا کۆمەڵێک بابەتی نوێ خرایە نێو پڕۆگرامەکانی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆکانی کوردستان وەک: وانەکانی لۆژیک، فەلسەفە، ئایینە بەراوردکراوەکان، مافەکانی مرۆڤ، توێژینەوە ڕەخنەگرانە، بابەتە فیقهی و فیکرییە هاوچەرخەکان، وتیشى وانەی زمانی ئینگلیزی لە بەشەکانی خوێندنی ئیسلامی بایەخی زیاتری پێدراوە، چونکە زانینی ئەم زمانە دەرگای نوێ بەڕوی خوێندکاران و توێژەران دەکاتەوە بۆ ئەوەی بە سەرچاوەی نوێ و بیرو تێڕوانینی نوێ لەم بوارانەدا ئاشنابن، وتیشى بە گشتی ناوەرۆکی پرۆگرامەکان بە ئاڕاستەی ڕاهێنانی خوێندکارانە لەسەر بیرکردنەوەو رەخنەگرتن تا هیچ دەقێک بە ئەبستراکت و موتڵەق سەیر نەکەن، بەڵکو هەمو تێکستێک قابیلی شیکردنەوەو ڕەخنە لێگرتنە. هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت ڕونکردنەوەى زیاترى داو وتى: لە ئێستادا پرۆگرامە نوێیەکانی خوێندن لە بەشی زانستە ئیسلامییەکان مرۆڤێک ئامادە دەکات کە کراوە و، خاوەن کەسایەتیەکى بەهێز بن و، گۆش کرابن بە هزری میانڕەوی و، نیشتمانی خۆیان خۆشبوێت و، دوربن لە بیری توندرەوی و تەکفیرکردن،لەهەمان کاتدا سود لە زانایانی ئاینی کورد وەرگیراوە، کە بەشێکی زۆریان کاریان لەسەر ئەو تێکستانە کردوە، کە گەشە بەبیری میانڕەوی و فرەیی و، هەمەرەنگی و پێکەوە ژیان دەکەن.

کاروانى ڕیفۆرم بەردەوام دەبێت

مەحمودى حاجى ساڵح لە درێژەى وتارەکەیدا باسى درێژەى کاروانى ڕیفۆرم لە خوێندنى زانستە ئیسلامیەکان کرد و، لەو بارەیەوە وتى: لەسەر ئاستی خوێندنی باڵا ( واتا خوێندنی ماستەرو دکتۆراو لەم بەشانە) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پێداچونەوەى تەواوی بەو ناونیشان وپرۆپۆزەڵانە دەکات، کە لە بواری خوێندنی ئایینیدا پێشکەشکراون، وتیشى تەنها ڕەزامەندی لەسەر ئەو پرۆپۆزەلانە دەدرێت، کە دەچنە خزمەتی پەرەپێدانی بیری میانڕەوی و ئاشتی و پێکەوەژیانەوە. ڕونیشیکردەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا گۆرانکاری بنەڕەتی لە شێوازی وەرگرتن لە بەشەکانی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆکانی کوردستان کردوە، بە جۆرێک لەم ساڵەوە، بەشێوازی ڕاستەوخۆ خوێندکاران وەردەگیرێن و، لەلایەن لیژنەی پسپۆرەوە بەر لە وەرگرتنیان چاوپێکەوتنی زانستیان لەگەڵ ئەنجامدەدرێت، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێگەگرتن لە کەسانی توندڕەو، وتیشى ئەم خاڵانەی ئاماژەمان پێکردن، بەشێکبون لە هەنگاوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و، کاروانی ئەم ڕیفۆرمەش بەردەوام دەبێت.

 پێویستمان بەکارى فراوانترە بۆ بنەبڕکردنى بیرى توندڕەوى

لە کۆتایى وتارەکەیدا مەحمودى حاجى ساڵح وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت وتى: کاری زیاترمان دەوێت و، دەبێت گرنگی زیاتر بە هەموو بوارەکانی زانستە سروشتی و بنچینەییەکان بدەین، فەزای گەشەپێدانی زانست و توێژینەوەی زانستی و بیرکردنەوەی ئازاد و ڕەخنەگرانەو دیبەیتی زانستی فراوانتتر بکەین، چونکە بەبێ بیری ئازاد و، تێروانینی رەخنەیی ناگەینە ئاستی بەشداری رەسەن لەبەرهەمهێنانی مەعریفە، وتیشى چاوەڕوانین وەزارەتەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ( بەتایبەت وەزارەتی پەروەردە) بەشداری کاراتر بکەن و، زیاتر هاوکارمان بن لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە. لە کۆتایشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەوەکالەت هیوای سەرکەوتنى بۆ کۆنفراسەکە خواست و، وتی: چاوەڕێین بڕیارو ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنفراسەمان لەگەڵ هاوبەش بکەن تا سوودی لێوەرگرین بۆ داڕشتنی سیاسەتی گشتی خوێندن و، توێژینەوەی زانستی لە چوارچێوەی وەزارەتەکەمان.

لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەى دو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، وا بڕیارە لە لایەن ژمارەیەکى زۆر لە توێژەران و مامۆستایانى زانکۆ و فێمێنیزمەوە چەندین توێژینەوە لە بوارى ئازادى تاک و پایەکانى دیموکراسى و مافى مرۆڤ بەگشتى و ژنان بەتایبەتى پێشکەش بکرێ.














Comments